بەشی زانستی کۆمپیوتەر و ئەندازیاریی کۆمپیوتەر چالاکی “باشترین پێشکەشکار لە بواری کۆمپیوتەردا”ی ڕێکخست
ڕۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەشی زانستی کۆمپیوتەر و ئەندازیاریی کۆمپیوتەر لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا کۆمار چالاکیەکی زانستی بۆ فێرخوازانی زانکۆی کۆمار و زانکۆی ئەمریکی لە عێراق-سلێمانی لەژێر ناونیشانی “باشترین پێشکەشکار لە بواری کۆمپیوتەر” ڕێکخست. لەم چالاکییەدا قوتابیانی قوتابخانەی بەریتانی نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی بە پێشکەشکردنی بابەتێک بەشدار بوون پێش دەستپێکردنی پێشبڕکێکە. ئامانج لەم چالاکییە سەرنج خستنە سەر ڕۆڵی خوێندکارانە وەک کرۆکی پرۆسەی فێربوون و هەروەها سەلماندنی توانای خۆیانە بۆ پیشاندانی تواناکانی خۆیان لە پێشکەشکردنی بابەتی زانستیدا. پێشبڕکێکە هەشت بابەتی لە خۆ گرتبوو کە لەلایەن چوار خوێندکاری زانکۆی کۆمار و چوار خوێندکاری زانکۆی ئەمریکی پێشکەش کران. لە کۆتایی چالاکییەکەدا سێ لە باشترین پێشکەشکارەکان دیاری کران لە لایەن لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنەوە لە هەردوو زانکۆی کۆمار و زانکۆی ئەمریکی و هەروەها ئەندامێکیش لە زانکۆی سلێمانی. هەر سێ فێرخوازە یەکەمەکانی چالاکیەکە لە لایەن کۆمپانیای وان لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری و نێتوۆرکینەوە خەڵات کران.