زانکۆی کۆمار کار بۆ پەرەپێدانی هاوکاری زانستی لەگەڵ زانکۆی زەیڤیەری ئەمریکا دەکات
لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ پرۆفیسۆر د. سەلاحەدین سەعید عەلی، سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پێشوازی لە دکتۆر حەیدەر ڕەعد کرد لە زانکۆی زەیڤیەر لە ئۆهایۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دکتۆر حەیدەر بە نوێنەرایەتی زانکۆی زەیڤیەر لە ئەمریکا سەردانی زانکۆی کۆماری کرد بە ئامانجی پەرەپێدانی هاوکاری زانستی لە نێوان هەردوو زانکۆکەدا. لە ماوەی مانەوەی لە زانکۆی کۆمار، د. حەیدەر گەشتی بەناو کەمپی زانکۆدا کرد و لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و جێگری سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و سەرۆکی بەشەکانی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر و زانستی کۆمپیوتەر کۆبوونەوەی ئەنجامدا. ئامانج لە کۆبوونەوەکان داڕشتنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بوو لە داهاتوو لە نێوان هەردوو زانکۆدا کە ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕی ستافی مامۆستایان و خوێندکاران. ئەم لێکتێگەیشتنە زیاتر ڕێگە بە خوێندکارانی زانکۆی کۆماریش دەدات کە لە داهاتوودا بڕوانامەی خوێندنی باڵا لە زانکۆی زەیڤیەر بەدەستبهێنن.