بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی کۆمار سیمپۆزیۆمێکی نیشتمانی لەسەر وەرگێڕانی بینراو و بیستراو سازکرد
لە چوارچێوەی چالاکییە ئەکادیمییەکانیان، لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی زانکۆی کۆمار سیمپۆزیۆمێکی نیشتیمانییان لە ژێر ناونیشانی “وەرگێڕانی بینراو و بیستراو: ئاڵانگاری و دەرفەتەکان” سازکرد. لە سیمپۆزیۆمەکەدا هەریەک لە بەڕێزان هەرێم عەبدوڵڵا مەجید مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و خاتوو سەوسەن عومەر نوری لە دەزگای میدیایی کوردسات و بەڕێز حەمید بانەیی پراکتیزەکار لە بواری وەرگێڕانی بینراو و بیستراو ئامادەبوون. سیمپۆزیۆمەکە بە ئامادەبوونی خوێندکاران و مامۆستایانی بەشی زمانی ئینگلیزی، لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی کۆمار، پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاحەدین سەعید عەلی، و جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان، پرۆفیسۆر دکتۆر کاوس عەزیز فەرەج بەڕێوەچوو. ئامانجی سیمپۆزیۆمەکە بریتی بوو لە تێکەڵکردنی دیدگای جیاواز لە بوارەکەدا، لەوانە دیدگای ئەکادیمی و ئەوانەی کە لەو بوارەدا کاردەکەن. لە میانی سیمپۆزیۆمەکەدا بەشداربووەکان تیشکیان خستە سەر مێژووی دۆبلاژکردن و ژێرنووسکردن ئاڵانگاری و دەرفەتەکان بۆ ئەوانەی لەم بوارەدا کاردەکەن. دوای ئەوەی بەشداربووان بیرۆکەکانیان خستەڕوو، فێرخوازان و مامۆستایان گفتووگۆیەکیان ئەنجامدا کە تێیدا پرسیار و سەرنجیان هەبوو لەسەر ئەوەی کە باسکران. لە کۆتاییدا پرۆفیسۆر دکتۆر کاوس عەزیز فەرەج جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان بڕوانامەی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیای پێشکەش بە پانێڵستەکان کرد.