وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سەردانی زانکۆی کۆماری کرد
رۆژی ٦ ی ئەیلولی ٢٠٢٢، پرۆفیسۆر سەڵاحەدین سەعید عەلی، سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کرد. وەفدەکە بەسەردانێکی دوو ڕۆژە هاتبوون و لە نزیکەوە چاویان کەوت بە سەرۆک بەشەکان و لێپرسراوی یەکەکانی زانکۆی کۆمار . لە میانی کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیاندا، دکتۆر ئەحمەد غەنی، لێپرسراوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی کۆمار، بابەتێکی وردی پێشکەش بە ئەندامانی شاندەکە کرد کە تێیدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی زانکۆ لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامێکی خوێندنی کوالیتی بەرز لە سەرجەم بەشەکانی زانکۆی کۆمار. دکتۆر ئەحمەد جەختی لە گرنگی فەلسەفەی پەروەردەیی زانکۆکە کردەوە لە ڕووی شێوازی خوێندنەوە کە تێیدا خوێندکار سەنتەری پرۆسەی فێربوونە، هەروەها فێربوون لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی کێشە و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا لە پرۆسەی فێربووندا. لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر ئەحمەد زیاتر باسی لە ڕۆڵی زانکۆکە کرد لە پێدانی دەرفەت بە خوێندکاران بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی و بڕوانامەی هاوبەش لە نێوان زانکۆی کۆمار و زانکۆکانی دەرەوەدا. دوای پێشکەشکردنی بابەتەکەی، بەڕێز مامۆستا بەمۆ نادر، بەڕێوەبەری کاروباری خوێندکاران و تۆمار شاندەکەی ئاشناکرد بە کارەکانی زانکۆکە لەبارەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ بەڕێوەبردنی کاری ڕۆژانە لە ناو کەمپەکە. بەڕێز مامۆستا بەمۆ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە چۆن ئەم سیستەمە ئۆنلاینانە ڕۆتینیان بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و ستافی زانکۆ کەم کردووەتەوە. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوو بەڕێز کاک زافەر و دکتۆر محەمەد پێزانینی خۆیان بۆ هەوڵەکانی زانکۆ دەربڕی لە جێبەجێکردنی پەروەردەیەکی کوالیتی بەرز. لە ڕۆژی دووەمی سەردانەکەیاندا، بە هاوەڵی پرۆفیسۆر سەڵاحەدین گەشتێکیان بەناو کەمپی زانکۆدا کرد. لە کۆتایی گەشتەکەیاندا، ئەندامانی وەفدەکە سەرسامی خۆیان دەربڕی لە بارەی هەوڵەکانی زانکۆ هەم ڕووی کوالیتی پرۆگرامی خوێندن و هەم بۆ ژینگەو ژێرخانی زانکۆی کۆمار.