سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، پ. سەلاحەددین سەعید عەلی، سەردانی زانکۆی کوین مێیەری لە لەندەن کرد
دوابەدوای بانگهێشتنامەیەکی زانکۆی کوین مێیەری لە لەندەن، سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، پ. سەلاحەددین سەعید عەلی، سەردانی زانکۆکەی کرد. پ. عەلی لە لایەن پ. ئایرین م. لی، راگری پەیوەندی جیهانی، کۆلێجی پزیشکی و ددان و لە لایەن بەڕێز فیلیپ گڵ، بەرپرسی ستراتیجی (پەرورەردە و پەیوەندی جیهانی)ەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
پاش پێشکەش کردنی کورتە باسێک دەربارەی زانکۆی کۆمار، پ. عەلی هیوای ئەوەی خواست کە بتوانن بناغەیەکی زانستی مۆدێرن دابمەزرێنن و گەشە بە پڕۆگرامێکی ئەکادیمی متمانەپێکراوی جیهانیی بدەن بۆ بەشە پزیشکییەکانی زانکۆی کۆمار. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، داوای لە پ. لی کرد پشتیوانییان بکەن لە رێی جێبەجێ کردنی کاری هاوبەش لە نێوان هەردوو دەزگاکەدا.
دوابەدوای بەخێرهاتنی پ. عەلی و پێشکەشکردنی کورتەیەک لە بارەی مێژووی زانکۆی کوین مێیەری لە لەندەن، پ. لی ستایشی هیوا ئەکادیمییەکانی زانکۆی کۆماری کرد و ئامادەیی خۆشیانی بۆ هاریکاری لەو بوارەدا دەربڕی.
لە دوای کۆبوونەوەکە، ئامادەبووان سەردانی سەرجەم بەش و نەخۆشخانەکانی زانکۆکەیان کرد. لە میانەی سەردانەکەدا، پ. لی پ. عەلی بە د. جەیسن، بەرێوەبەری پرۆگرامی خوێندنی بەرایی پزیشکی ددان، ناساند. دواتریش لە رێی ئیمەیڵەوە بە پ. کەوڵهارد، راگری پزیشکی ددان ، ناساند.
شایانی باسە پ. رزگار مەجید، توێژەری هاوەڵ و پرۆفیسۆری بەرگری ئەزموونگەرایی لە مەڵبەندی رۆماتیزم و چارەسەری ئەزموونگەرایی لە پەیمانگای توێژینەوەی ویلیەم هارڤی، لە زانکۆی کوین مێیەری لە لەندەن، بە سوپاسەوە ئەو کۆبوونەوەیەی رێکخست بوو و هاوکات ئامادەی ئەو کۆبوونەوە و سەردانەش بوو.
لە کۆتاییدا، هەردولا رێکەوتن لەسەر هەبوونی پەیوەندی بەردەوام لە رێی راگرانی پزیشکی ددانەوە لە زانکۆی کوین مێیەری لە لەندەن و زانکۆی کۆمار بە مەبەستی ئامادەکردنی وردەکاری رێکەوتنی نێوانیان.