زانکۆی کۆمار و دامەزراوەی ڤیژن سیمپۆزیۆمی “مەترسی شاراوەی سۆشیال میدیا لەسەر خێزان و هەرزەکاران” ئەنجامدا
ڕۆژی دووشەممە 18ی ئەیلولی 2025، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، بە هاوکاریی دامەزراوەی ڤیژن، سیمپۆزیۆمێکی لەژێر ناونیشانی “مەترسی شاراوەی سۆشیال میدیا لەسەر خێزان و هەرزەکاران” سازکرد.
سیمپۆزیۆمەکە ڕۆشنایی خستە سەر پرسی پەرەسەندنی خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، بەتایبەتی لەنێو هەرزەکاران و گەنجانی پێگەیشتوو، و دەرئەنجامەکانی بۆ خێزان و کۆمەڵگا و هەردوو تەندروستی دەروونی و جەستەیی. ئامانج لێی هۆشیارکردنەوە و پێشخستنی ستراتیج بوو بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سۆشیال میدیا لەسەر ژیان و داهاتووی هەرزەکاران.
سەرەتای چالاکییەکە بە وتارێکی بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن دەستیپێکرد، دواتر بابەتێکی سەرەکی لەلایەن بەڕێز هێمن عەبدولقادر، توێژەری کۆمەڵایەتی، پێشکەش کرا کە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەیەک بوو بەناوی دامەزراوەکەوە ئەنجامدرا بوو.
پاشان پانێڵێک لە لایەن پسپۆڕانی بوارەکە ئەنجامدرا بۆ خستنە ڕووی دیدگا و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە. پانێڵستەکان بریتی بوون لە بەڕێزان یاریدەدەری پڕۆفیسۆر د.لوقمان سیوەیلی، پسپۆڕی کاری کۆمەڵایەتی، یاریدەدەری پرۆفیسۆر دکتۆر پاڤێ جەمیل پسپۆڕی دەروونناسی میدیا و دکتۆر شەهلا عەلی دەروونناس و کاک هێمن عەبدولقادر توێژەری کۆمەڵایەتی.
دوا بە دوای پانێڵەکە بەشداربوان بە پرسیار و ڕوونکردنەوە لەگەڵ پانێلیستەکان گفتوگۆیان کرد و سیمپۆزیۆمەکە بە مەراسیمی سوپاس و پێزانین کۆتایی هات، کە تێیدا بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە پانێڵستەکان و بەشداربووان کرا.