
ستافی زانکۆی کۆمار بەشداری خولێکی ڕاهێنانی ڕۆژانەی ژیری دەتکردیان کرد
لە ١٩ تا ٢١ی ئایاری ٢٠٢٥، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا خولێکی ڕاهێنانی ڕۆژانەی ژیری دەستکردی بۆ ئەندامانی ستاف ڕێکخست، کە تێیدا تێڕوانینێکی کارەکی بۆ تێکەڵکردنی زیرەکی دەستکرد لە پڕۆسەی کارکردنی ڕۆژانەدا پێشکەش کرد.
ڕاهێنانەکە بە هاوکاری پەیمانگای پەرەپێدانی پیشەیی کۆمار، لەگەڵ بەشی ئەندازیاری کۆمپیوتەر و زانستی کۆمپیوتەر ئەنجامدرا. ڕاهێنەرانی خولەکە بریتی بوون لە دکتۆر ڕاویا تەحریر لە بەشی ئەندازیاری کۆمپیوتەر و دکتۆر سەردەشت والی لە بەشی ئەندازیاری شارستانی و مامۆستا حوسام موحەمەد لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر.
وانەکانی خولەکە ئەزموونی ڕاستەقینەی کارکردنیان پێشکەش کرد کە بۆ شارەزاکردنی بەشداربووان بە ئامرازەکانی ژیری دەستکرد بوو، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی کاراییەکانیان و پێشخستنی گەشەی پیشەیی لە سەرانسەری بەشەکانی زانکۆدا.