یەکەی دڵنیایی جۆریی زانکۆی کۆمار ڕاهێنانێکی تایبەتی ڕێکخست بۆ مامۆستایانی زانکۆ
لە چوارچێوەی پرۆگرامی ڕاهێنانی مامۆستایان کە ماوەی هەفتەیەکی خایاند، یەکەی دڵنیایی جۆریی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا ڕاهێنانێکی ئەنجامدا کە تایبەت بوو بە مامۆستایانی نوێی زانکۆ. ئامانجی ئەم ڕاهێنانە پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی نوێ بوو کە مامۆستایان بتوانن لە ڕۆڵەکانیاندا سەرکەوتوو بن و بەشدارییەکی کاریگەرانەیان هەبێت لە لایەنی ئەکادیمی زانکۆدا.
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، دکتۆر بەتول خۆجا، پەروەردەکار و پسپۆڕ، بابەتێکی بەپێزی ئۆنلاینی لەسەر “پراکتیزەکردنی فێربوون لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە”ی پێشکەش کرد. لەم ڕاهێنانەدا جەخت لەسەر گرنگی هاندانی خوێندکاران کرایەوە بۆ گەڕان و پرسیارکردن و شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی زانیارییەکان بۆ پەروەردەکردنی فێرخوازێک کە فێربوون تێیدا ببێتە کارێکی چالاکتر و سەربەخۆتر. تێڕوانینەکانی دکتۆر خۆجا بۆ شێوازەکانی وانەوتنەوە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە یارمەتیدەرێکی گرنگن بۆ مامۆستایان لە پەرەپێدانی ستراتیجییەتی کاریگەر لە ناو پۆلدا.
دوای بابەتەکەی دکتۆر خۆجا، بەڕێز خاتوو سێنا، ڕاوێژکاری دەروونی، ڕاهێنانێکی ئۆنلاینی ئەنجامدا بە ناوی “تێگەیشتن لە دەروونی فێرخوازی زانکۆ: باوترین ئەو کێشە دەروونییانەی ئەمڕۆ فێرخوازان ڕووبەڕووی دەبنەوە”. مەبەست لەم ڕاهێنانە خستنە ڕووی کۆمەڵێک زانیاری سەرەکی بوو بۆ مامۆسیاتانی نوێ سەبارەت بەو ئاڵانگارییە دەروونیانەی کە فێرخوازان زۆرجار لە کاتی ژیانی زانکۆییاندا ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
هەردوو ڕهێنانەکە بەشی پرسیار و وەڵامی لەخۆگرتبوو، کە ڕێگەی بە بەشداربووان دا بەشداری گفتوگۆیەکی مانادار بن.