مامۆستایەکی زانکۆی کۆمار لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ بنکەی زانیاری ئیندێکس و ئەبستراکتی سکۆپەس (Scopus) نوێترین لیستی توێژەرانی عێراق، لە بواری بەهای پشکی کۆمپانیا گەشتیارییەکان ڕاگەیاند. جێگای خۆشحاڵییە کە دکتۆر دلاوەر، سەرۆک بەشی ژمێریاریی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق و پلەی چوارەمی لە ئاستی جیهان بەدەستهێناوە.
جێگای ئاماژە پێکردنە ئەو رێزبەندییە لەسەر بنەمای ژمارەی توێژینەوە پەیوەندیدارەکان، کە لە گوڤارە نێودەوڵەتییە ئاستبەرزەکان بڵاوکراونەتەوە و هەروەها ژمارەی سایتەیشنەکان دانراوە.
سکۆپەس (Scopus) گەورەترین داتابەیسی تایبەت بە بڵاوکراوەی جیهانی ئێلسڤیرە (Elsevier) لەسەر بنەماى سایتەیشن و ئەبستراکت ڕیزبەندى کراوە و بوارە جیاوازەکانى تەندروستى و ئەندازیاریی و فیزیا و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و چەندن بواری تر لەخۆ دەگرێت. سەرچاوەکانى ناو داتابەیسەکە بریتین لە گۆڤاری داخراو و گۆڤاری کراوە و توێژینەوەی کۆنفرانسەکان و کتێب و بڵاوکراوە بازرگانییەکان. ئەم داتابەیسە لە کۆتاییەکانى ٢٠٠٤ دەستى پێکردوە، ڕۆژانە ئەم داتابەیسە نوێدەکرێتەوە، جۆڕناڵەکانى ناو سکۆپەس دەتوانن دوو پێوەری تایبەتى SNIP و SJR وەرگرن لەگەڵ پێوەرانى دیکەى هەڵسەنگاندنى جۆڕناڵ, هەر جۆڕناڵێک سەر بە سکۆپەس نەبێ ناتوانێت پێوەری سنیپ و ئێس جەى ئاڕ وەرگرن، بەنزیکى دوو بەرامبەری وێب ئۆف ساینس جۆڕناڵی لە خۆ گرتووە. بە پێى تازەترین ئەپدەیت داتابەیسی سکۆپەس نزیکەی ٢٤٦٠٠ گۆڤاری لە ٥٠٠٠ بڵاوکراوەی جیاواز لە خۆگرتووە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەى زیاد لە ١٩٤٠٠٠ کتێب، نزیکى لەسەدا دەی سکۆپەس پێکهاتووە لە توێژینەوەی کۆنفرانەکان، هەروەها لەسەدا سەدی سەرچاوەکانى مێدلاینى لەخۆ گرتووە،ئەم بوارە فراوانەی سکۆپەس ڕێگایەکى ئاسانى خستۆتە بەردەم توێژەران بۆ ئاسان دەستکەوتنى ئەو ناونیشانانەی پێویستیانە. سکۆپەس گرنگییەکى زۆری لای زانایان و توێژەرانی جیهان هەیە لە ئێستادا زۆرێک لە توێژەران پێیان وایە کە ئەگەر گۆڤارێک لە سکۆپەس هەبێت ئەوا باوەڕپێکراوە لە ڕووی زانستییەوە، بەو پێیەی بۆ هەر توێژینەوەیەک، چەند زانایەکی پسپۆر پێداچوونەوەی وردی زانستی پێدا دەکەن پاشان دەچێتە پڕۆسەی پەسەندکردن یان ڕەدکردنەوە بۆ بڵاوکردنەوە.