زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا وۆرک شۆپێکی دوو ڕۆژەی لەسەر پرۆگرامی سکۆلەرشیپی پزیشکی ددانی دیجیتاڵیی ئەنجامدا
بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی فێرخوازانی کۆتا ساڵی پزیشکیی ددان، لە ڕۆژانی ١٥ تا ١٦ی تەمموزی ٢٠٢٣، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پرۆگرامی سکۆلەرشیپی پزیشکی ددانی دیجیتاڵیی ئەنجامدا. ئەم بەرنامەیە هەمەئاهەنگییەک بوو لە نێوان زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا و ئەکادیمیای ددانی دیجیتاڵی و کۆمپانیای ئەلشارە. ئامانج لە پرۆگرامەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی پیشەیی و کوالیتی بەرز بۆ خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی بەشی پزیشکیی ددان و بەرزکردنەوەی تواناکانی خوێندکاران لە بواری پزیشکی ددانی دیجیتاڵیدا. لە میانی وۆرک شۆپەکەدا، خوێندکاران ڕاهێنران لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی سکانەری دیجیتاڵی ناو دەم و سۆفتوێری پەیوەندیدار بە شێوەیەکی کاریگەر. ئەم کارامەییانە بۆ دەرچووانی بەشی پزیشکیی ددان زۆر گرنگن چونکە چانسی دامەزراندنیان لەلایەن دامەزراوە پزیشکییەکانی بواری ددان وەک کلینیک و تاقیگەکانەوە زیاد دەکات. بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی پێویست، خوێندکاران دەتوانن بچنە ناو پیشەیەکەوە کە لە ئێستادا کێشەی کەمیی پسپۆڕی لێهاتووی هەیە لە بازاڕی پزیشکی دداندا.